Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 01:34

ئەنتۆنی بلینكن: كۆبوونەوەیەكی گرینگمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام دا

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند كە دڵخۆشن لە پێشوازیكردن لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و جەختیشی كردەوە كە ئەمڕۆ بەیەكەوە كۆبوونەوەیەكی گرینگ و باشیان ئەنجامداوە.

ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دڵخۆشین ئەمڕۆ لە ئەمەریكا پێشوازیمان لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری كرد.

راشیگەیاند: لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی باش و گرینگمان ئەنجامداوە، هەروەها لەگەڵ عێراق لە زۆر ڕووەوە هاوبەشیمان هەیە و چاویشمان لەوەیە ئەو هاوبەشییەی نێوانمان زیاتر پەرەی پێ بدەین.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا باسی لە هێرشەكەی چەند رۆژی رابردووی ئێرانی بۆ سەر ئیسڕائیل كرد و لەمبارەیەوە گوتی: ئەمەریكا پابەندە بە بەرگریكردن لە ئیسڕائیل، لە هەمانكاتیشدا هەموو هەوڵێك دەدەین ئاڵۆزییەكان بە رێگەی دبلۆماسی چارەسەر بكەن بۆ ئەوەی گرژییەكان فراوانتر نەبن.

ئەنتۆنی بلینكن جەختیشی كردەوە كە ئەمەریكا بەهیچ شێوەیەك نایەوێ گرژی و ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر پەرە بستێنێ.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پێرێ شەممەوە بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكایە و بڕیاریشە سەردانەكەی ماوەی هەفتەیەك بخایەنێت.

بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ دووشەم لە وادەیەكی تردا سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆشكی سپی چاوی بە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت.

وێنەی كۆبوونەوەكەی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا:-

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.