Erbil 15°C دووشەممە 29 نیسان 21:42

200 هەزار گەشتیار لە ڕۆژانی جەژندا سەردانی هەرێمی كوردستانییان كردووە

کوردستان TV
100%


لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا، زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستان و ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا لە 8 ی 4 تاكوو 13 ی 4 (لە شەش ڕۆژدا) زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
"گەشتیاران زۆربەیان هی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێران و توركیا و وڵاتانی ترن، هاوكات ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری ناوخۆیی لە ناو هەرێمی كوردستاندا كە ژمارەیان دەگاتە 150 هەزار كەس، سەردانی سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە".
لە بۆنەكاندا و بە تایبەت لە جەژنی ڕەمەزان و قوربان، هاوڵاتییەكی زۆری ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان و ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی 2023، سێ ھەزار و سەد شوێن ھەبوون کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەش دەکەن کە بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، ڕێستۆرانت، مۆتێل، کافەتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
ھەزار و 75 شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە 625 ھۆتێل، 370 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی 800 ڕێستۆرانت و کافەتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکان.
بەوەش زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار گەشتیار لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024 هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.