Erbil 15°C سێشەممە 30 نیسان 00:11

به‌ڕێگه‌ی زیرەکی دەستکرد دەقێکی کۆنی مێژوویی شیكرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%


سێ قوتابی زانكۆ دوای ئه‌وه‌ی توانیان به‌ رێگه‌ی زیره‌كی ده‌ستكرد خوێندنەوە بۆ ده‌قێكی کۆنی 2 هه‌زار ساڵه بكه‌ن‌ ، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ خەڵاتێکی یەک ملیۆن دۆلاریان به‌ده‌ست هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی بی بی سی نیوز ئەم ده‌قه‌ نوسراوه‌ دێرینە له‌ میانی تەقینەوەی گڕکانی چیای ڤیزۆڤیۆس لە ساڵی 79ی زایینی سووتاوه‌ بۆیه‌ تا ئێستا كه‌س نه‌یتوانیوه‌ دەقەکە بخوێنێته‌وه‌.

پێدەچێت ئەم نووسینە هی خەزووری (جولیۆسی قەیسەر) بووبێت  كه‌ باس لە موزیك و خواردن دەکات. شارەزایان ئەم پێشكه‌وتنه‌یان لە فەلسەفەی یۆنانیدا بە "شۆڕش" ناوبردووە.  توێژەران پێیان وایە ئه‌مه‌ ستایلی نووسینی فیلۆدۆموس فەیلەسوفی یۆنانییە کە پەیڕەوی لە فێرکارییەکانی ئیپیکۆرسی کردووە و ڕەنگە فەیلەسوفێک بووبێت کە لە سه‌رده‌می(هێرکۆلینیۆم) دەژیا. 


لە سەدەی هەژدەهەمدا سەدان نووسراوی پاپیرۆس لە ناو کتێبخانەی ڤێلایەکی لوکسی ئەم شارەدا دۆزرایەوە و به‌ تاکە کتێبخانەی دەقە کۆنەکانی ڕۆمانییە داده‌نرێت كه‌ تا ئه‌و سه‌رده‌م دۆزرابێته‌وه‌. بەڵام ناوەڕۆکی ئەم نووسراوانە بۆ توێژەران وه‌ك نهێنییه‌ك مابووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ۆزر بە خراپی سووتابون کاتێک توێژەران هەوڵیاندا بیکەنەوە، لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌وه‌رین.
وێنه‌ی دوو
 

لەو بارەوە دكتۆر فێدریكا توێژەری پاپیروس لە زانکۆی ناپۆلی رایگه‌یاند، ئەم‌ رووداوه‌ وه‌ك چۆن له‌لایه‌كدا كاره‌ساتێكی مێژوویی بوو، هاوكات ده‌ستكه‌وتێكیش بوو. به‌و پێیه‌ی به‌رزی پله‌كانی گه‌رمی ئاگره‌كه‌، كاریگه‌ری بووه‌ته‌ هۆی روودانی کاربۆنیزەیشن و پاراستنی پەرتووکەکان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رجه‌می ئه‌و ده‌قانه‌ له‌ناو ده‌چوون. ساڵی رابردوو به‌ره‌وپێشچوونێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قانه‌ هاته‌ ئارا، کاتێک دکتۆر برێنت سیڵز و تیمەکەی لە زانکۆی کێنتاکیی ئەمریکا بۆ شیکردنەوەی دەقەکان ئامێری سی تی سکانی ئاستبەرزیان بەکارهێنا. بەڵام به‌هۆی كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ڕەنگی ڕەشی کاربۆنی لە نووسراوه‌كاندا، نه‌توانرا ده‌قه‌ پاپیروسەکەوە بخوێندرێته‌وه‌. 
وێنه‌ی سێ
 

دكتۆر سێڵز به‌ هاوكاری وەبەرهێنەرانی كه‌رتی تەکنەلۆژیا خەڵاتێکی یەک ملیۆن دۆلاری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە راگه‌یاند. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا تیمێکی سێ كه‌سی له‌ خوێندکارانی به‌شی تەکنەلۆژیا بۆیان دەرکەوت ره‌نگه‌ بكرێت به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ زیرەکی دەستکرد، چارەسەرێک بۆ ئه‌م‌ بابه‌ته‌ بدۆزنه‌وه‌. بۆیه‌ ئەم خوێندکارانە مۆدێلێکی زیرەکی دەستکردیان داهێنا کە توانای ناسینەوەی پیت و وشەکانی هەبوو‌ .وه‌ك فێدریکا رایده‌گه‌نێت: ئەمەش بووه‌ سەرەتای شۆڕشێکی گه‌وره‌‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی دقێكی مێژوویی له‌ فەلسەفەی یۆنانیدا.

تا ئێستا ئەم مۆدێلە زیاتر له‌ 2000 پیتی یۆنانی شی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ یەک لەسه‌ر چواری پەرتووکەكان کە تیمه‌كه‌ی دکتۆر سێڵز سکانیان کردووه‌.

 دوای وەرگێڕانی ئەم ده‌قانه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، نووسەری تۆماره‌كان له‌باره‌ی سه‌رچاوه‌كانی چێژه‌وه‌ له‌وانه‌ش موزیك و خواردن بابه‌تی نووسیوه‌. لە بەشێکی نووسینەکەی فیلۆدێموسدا ئەو پرسیارەی وروژاندووە کە ئاخۆ رێژه‌ی چەندایەتی چێژێکی زیاتری لێده‌كه‌وێته‌وه‌ یان چۆنایه‌تی؟ 

توێژەرانی پرۆژه‌كه‌‌ هیوادارن تا كۆتایی ئەمساڵ تەکنەلۆژیای زیره‌كی ده‌ستكرد خوێندنەوە بۆ 90%ی هەر چوار تۆماره‌كه‌ بكات كه‌ خۆی له‌ 800 ده‌ق و تۆماری نوسراو ده‌بینێـه‌وه‌.

ن. ئاماده‌كردنی: ئیبراهیم ئیسماعیل
 

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.